ژیانی قورئان خوێنان
عبدالفتاح الشعشاعی ئاماده‌كردنى : صهیب جمیل

مرۆڤێكى رِه‌وشت به‌رزو بێ فیز، به‌توانا له‌كاركردن ، له‌مه‌جلیسی پیران شه‌رمن و له‌ناو گه‌نجانیش خزمه‌تكارو خۆبه‌نزم زان ، ئه‌ویش (عه‌بدولفه‌تاح مه‌حمود ئیبراهیم ئه‌لشه‌عشاع)ه ، ئه‌م مرۆڤه مه‌زنه له‌ساڵى 1880ى زایینى له‌گوندى (شه‌عشاع)ى سه‌ربه‌شارى (منوفیه) چاوى هه‌ڵهێناوه ، له‌ساڵى 1900 كه ته‌مه‌نى ده ساڵان بووه به‌پوختى و به‌رِه‌وانى هه‌موو قورئانى پیرۆزى له‌به‌ركردووه ، هه‌رله‌تافى لاوێتیدا به(مه‌حمود ئیبراهیم)ى باوكى سه‌رسام بووه و له‌سه‌ر داواى باوكى چۆته شارى (گنگا)و له‌مزگه‌وت و په‌یمانگاى (الاحمدی) فێرى زانسته‌كانى قورئان و ته‌جوید بووه ، پاشان رِووى له قاهیره‌ى پایته‌خت كردووه و چۆته ئه‌زهه‌ر و له‌سه‌ر ده‌ستى شێخ (به‌یومى و عه‌لى سه‌بیع) فێرى خوێندنى قورئانى پیرۆز بووه ، پاش چه‌ند ساڵێك گه‌رِاوه‌ته‌وه گونده‌كه‌ى خۆى و خه‌ڵكى گونده‌كه‌ى به‌گه‌رمى به‌پیرییه‌وه چوون و پیرۆزباییان لێ كردووه .پاشان خوالێخۆشبوو شان به‌شانى شێخ (زكریا احمد)ى گه‌وره ئاوازدانه‌رى ئه‌وساى میسرى تیپێكى ته‌واشیح خوێندنیان دامه‌زراند و له زۆربه‌ى بۆنه ئایینیه‌كان به‌شداركردووه .
شێخ(عه‌بدولفه‌تاح شه‌عشاعى) چۆن له‌ناو خه‌ڵكى ناوبانگى ده‌ركرد ؟
شه‌وێك له‌شه‌وان به‌ر له‌ساڵى 1920 له مزگه‌وتێكى قاهیره ئاهه‌نگێك بۆ یادى له‌دایك بوونى ئیمامى حوسێن به‌به‌شدارى ناودارترین و گه‌وره‌ترین قورئان خوێنانى ئه‌و سه‌رده‌مه سازكرا كه ئه‌وانیش : (شێخ محمدرفعت، ئه‌حمه‌د نه‌دا، عه‌لى مه‌حمود، شێخ عیساوى ، محمد جادالله) له‌م شه‌وه‌دا شێخى خوالێخۆشبووش به‌خوێندنى چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانى پیرۆز به‌شدارى كرد‌و ئاهه‌نگه‌كه‌ى به‌رزتر رِاگرت ، تا واى لێهات ئاماده‌بووانى ئاهه‌نگه‌كه سه‌رسام بوون و به (الله الله) پێشوازیان له ده‌نگه خۆش و به‌جۆشه‌كه‌ى كرد .
قورئان خوێن (عبدالفتاح الشعشاعى) له‌ساڵى 1930 به كجاره‌كى وازى له‌ته‌واشیح و سرود وتن هێناو به ته‌نها رشووى له‌قورئان خوێندن كرد‌و هه‌روه‌ها له‌گیرفانى خۆى تیپه‌كه‌ى جارانى پاره‌داركرد .
هه‌روه‌ها بۆیه‌كه‌مجار له‌ساڵى 1936 قورئانى به‌شێوه‌ى رِاسته‌وخۆ خوێند ، ئه‌مه‌یان چۆن بوو ؟
سه‌ره‌تا به‌گوزارشتى ناوبراو قورئان خوێندن له‌ئێزگه حه‌رامه، به‌ڵام شێخى ئه‌وساى ئه‌زهه‌ر (شێخ زه‌واهیرى)ئه‌م بۆچوونه‌ى به هه‌ڵه لێكدایه‌وه‌و پێى ووت : كه قورئان له له ئێزگه حه‌رام نییه ، و خه‌ڵكانێكى زۆر به‌گوێگرتنى ده‌نگت سوودمه‌ند ده‌بن، شێخ(محمد رفعت)یش زۆر هانیداو پاشان رِووى له‌ئێزگه كرد‌و دایانمه‌زراند و ساڵانه پێنچ جونه‌یهى میسریان وه‌ك مووچه بۆبرِیه‌وه .
له‌هه‌مان ساڵدا رِووى له‌كۆشكى پاشایه‌تى كرد‌و قورئانى خوێند، ئه‌و كاته مانگى رِه‌مه‌زان بوو، پاشان سوێندى به‌خوداى گه‌وره خوارد كه به‌هیچ شێوه‌یه‌كى تر رِوو له‌كۆشكى پاشایه‌تى نه‌كات و ده‌یوت (له‌لایه‌ك قورئان بخوێنم و له سوچێكى كۆشكه‌كه‌ش پاشا كارى به‌درِه‌وشتى ئه‌نجام بدات ؟!)
له‌باره‌ى قورئان خوێن (محمد رفعت)ه وه ده‌یگووت نموونه‌ى نیه و قوتابخانه‌یه‌كه بۆ فێربوونى قورئانى پیرۆز و به مردنى، ئه‌و قوتابخانه كۆتایى هات و كه‌سی تر نییه شوێنى بگرێته‌وه تاكۆتایى دنیا.
له‌كۆتایى سیه‌كاندا سه‌ردانى عێرِاق ده‌كات ، ئه‌مه‌یان له‌سه‌ر داواى كێ بوو وه چۆن بوو؟
شێخ (ابو العینین) ده‌گێرِێرێته‌وه‌و ده‌ڵێت :
له‌رِێگه‌ى باڵوێزى عێرِاق له‌قاهیره ئاگاداركراینه‌وه كه شاژنه(عالی)ى عێرِاقى كۆچى دوایى كردووه‌و ده‌بێ قورئان خوێنێك بگه‌یه‌نینه به‌غدا بۆ به‌رزرِاگرتنى پرسه‌كه‌و قورئان خوێندن تیایدا .
ده‌ڵێ یه‌كێك له‌وان من بووم ، منیش حه‌زم كرد (مسته‌فا ئیسماعیل) هاوه‌ڵم بێت له‌گه‌شته‌كه‌دا ، به‌ڵام زۆر به‌جوایدا گه‌رِام نه‌مدۆزیه‌وه، به‌ناچارى خۆم گه‌یانده لاى باڵوێزى عێرِاق و ووتم : شێخ (مسته‌فا ئیسماعیل)م نه دۆزیه‌وه ئه‌ویش ووتى : گوێ مه‌ده‌رێ باشترین قورئان خوێن ده‌كه‌مه هاو سه‌فه‌ره‌كه‌ت ئه‌ویش (عبدالفتاح الشعشاع)یه.. (ابو العینین)ده‌ڵێ : منیش سه‌رم سورِما له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ ناوبراو قسه‌م نییه و چه‌ند ساڵێكه په‌یوه‌نیمان بچرِاوه ، به‌ڵام به‌هۆى گه‌شته‌كه‌وه له‌رِێگاى (فوئاد سیراجه‌دین)ى وه‌زیرى ئه‌وكاته‌ى میسر په‌یوه‌ندیه‌كانمان ئااسیى بۆوه‌و ئاشت بووینه‌وه . هه‌روه‌ها (ابو العینین)ده‌ڵێ گه‌شته‌كه‌مان ده‌ستى پێكردو گه‌یشتینه فرِۆكه‌خانه‌ى به‌غداو خه‌ڵكێكى زۆر به‌ده‌ورمان كۆبوونه‌وه‌و ده‌یانگوت كوا (مسته‌فا ئیسماعیل)؟كوانێ (مسته‌فا ئیسماعیل)؟
به‌م پرسیارانه‌ى خه‌ڵكى ، شێخ (عه‌بدولفه‌تاح) دڵگران بوو‌و ووتى : ده‌بێ هه‌رئیستاكه بگه‌رِێینه‌وه قاهیره !!چونكه ئه‌و خه‌ڵكه ئێمه‌یان خۆش ناوێ و كه‌سێكیان خۆش ئه‌وێ كه‌له‌كۆشكى پاشایه‌تى قورئان ده‌خوێنێ ؟!
(ابو العینین) ده‌ڵێ : زۆرم تكاكردو هێمنم كرده‌وه پاشان گه‌یشتینه هوتێلێكى به‌غداو پشوێكمانداو شێخ‌یش هه‌ر له‌سه‌ر داواكه‌ى خۆى مكورِبوو و ده‌یگوت سبه‌ى زوو ده‌گه‌رِێمه‌وه قاهیره .. چونكه به‌و پرسیارانه‌ى خه‌ڵكى (عه‌بدولفه‌تاح) تادره‌نگى شه‌و نه‌خه‌وت و ده‌گریا گوایه رێزى قورئان خوێنى به‌ته‌مه‌ن ناگرن ؟!
ناوبراو ده‌ڵێ :پاشان به‌ره‌و كۆشكى كۆمارى به‌رِێكه‌وتین كه‌له‌وێ پاشا‌و ئه‌فسه‌رو وه‌زیرى گه‌وره‌و كاربه‌ده‌ستى میرى دانیشتبوون ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا شێخ (عه‌بدولفه‌تاح شه‌عشاعى )ده‌ستى به قورئان خوێندن كرد و زۆربه‌یان سه‌ریان سورِماو رِێزێكى زۆریان لێناین ، كه‌ئه‌مه‌یان بووه هانده‌رێك هه‌رسێ رِۆژ له‌پرسه‌كه دابنیشین .
(ابو العینین) ده‌ڵَێ كه شه‌و گه‌راِینه‌وه میوانخانه خه‌یاڵێك به‌مێشكمدا هات و چه‌ند پرسیارێك له‌ناخى دڵه‌وه هه‌ڵقوڵاو چوومه ته‌نیشت(عه‌بدولفه‌تاح)و گوتم: ئایا تۆ رِازیت به‌وه‌ى كه گه‌رِایه‌وه پرسیارت لێبكه‌ن له‌به‌رچى سه‌رنه‌كه‌وتوویت و نه‌توانیوه قورئان بخوێنى و عێرِاقییه‌كان به‌تۆ سه‌رسام نه‌بوون؟
ئه‌ویش گوتى تۆ به‌ته‌مه‌ن زۆر له‌من بچوكترى چۆن ئه‌م جۆره پرسیاره‌ت به‌مێشكدا هات كه‌من گه‌وره‌ترم و ئه‌م پرسیاره‌م له‌خودى خۆم نه‌كرد؟!
پاشان به‌هۆى ئه‌و پرسیاره‌ى من زیاتر خرۆشاو شه‌وى دواتر تا دره‌نگانى شه‌و به‌ده‌نگى به‌رز قورئانى خوێند كه‌وا هه‌ستت ده‌كرد باڵى گرتووه و له‌ناوه‌وه‌ى به‌هه‌شته ، هه‌ربه‌و هۆیه‌ش هه‌فته‌یه‌ك له‌به‌غدا ماینه‌وه‌و چه‌ندین خه‌ڵاتى (رافیده‌ین)مان وه‌رگرت و له‌وساته‌وه له عێرِاق ناوبانگى ده‌ركردو سه‌ردانى ئێزگه‌ى عێرِاقى كرد‌و بوو به‌یه‌كه‌م قورئان خوێنى ئێزگه‌و تا كاتى مردنیشى وه‌ك وه‌فایه‌ك به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكانى به‌غدا سه‌ردانى عێرِاقى كرد .
گه‌وره‌ترین یادگارى له‌مێژووى قورئان خوێن (شه‌عشاعى) ئه‌وه‌بوو كه یه‌كه‌م كه‌س بووه له رِێگه‌ى بڵندگۆ(مبكره)ى مزگه‌وتى حه‌رام و مزگه‌وتى نه‌به‌وى قورئانى خوێندبێ ، ئه‌ویش له‌ساڵى 1948ى زایینى بوو.
خوالێخۆشبوو له‌ساڵى 1962 له‌ته‌مه‌نى حه‌فتاودووساڵیدا ته‌مه‌نێك هه‌مووى له خزمه‌تى قورئان ، ژیانێك له‌خزمه‌تى قورئان و زانسته‌كانى قورئان رِۆحه پاكه‌كه‌ى سپارده‌ى خودا كرد، چه‌ندین قورئان خوێنیش له‌سه‌رده‌ستى ئه‌و بوونه‌ته به‌ناوبانگترین قورئان خوێنى ئه‌مرِۆى جیهانى ئیسلامى ، ئه‌وانیش (شێخ مه‌حمود عه‌لى ئه‌لباننا و ئه‌بوالعینین)و چه‌ندین قورئان خوێنى تیش كه ئیستا هه‌ندێكیان له ژیاندا ماون .




.gif)







